دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لە بڕیارەكانی سەركردایەتی شۆڕشی لەناوچوویی بەعس دەركرد و سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەوی و زاری ناوچەكە بۆ خاوەنە راستەقینەكانی لە كورد و توركمان گەڕایەوە.
دەشڵێت، “پێمانووایە ئامانجێكی گەورەمان بەدیهات كە ماوەیەكی زۆرە تەواوی هەوڵەكانمان لە هەولێر و لە بەغداد بۆی تەرخانكردووە”.
دەقی راگەیەنراوەكە…
ئەمڕۆ سێشەمە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لە بڕیارەكانی سەركردایەتیی شۆڕشی لەناوچوویی بەعس دەركرد و سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەوی و زاری ناوچەكە بۆ خاوەنە راستەقینەكانی لە كورد و توركمان گەڕایەوە.
ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی حكومەتی هەرێم و سەرجەم كاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارانی كوردستانە لە بەغداد، ئێمەش لە دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكان پێمانووایە ئامانجێكی گەورەمان بەدیهات كە ماوەیەكی زۆرە تەواوی هەوڵەكانمان لە هەولێر و لە بەغداد بۆی تەرخانكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانووایە ئەم هەنگاوە گیانی كاری پێكەوەیی نێوان پێكهاتەكانی عێراق قووڵتر و رووبەری متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان فراوانتر دەكات.
بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵكی كوردستان بەگشتی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی دەكەین، بە ئومێدەوە چاوەڕێی هەوڵ و كۆششی زیاترین تا بەدیهاتنی تەواوی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا و لەپێش هەمووشیانەوە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عێراق.
ئەوەش بە بیری هەموو لایەك دەهێنینەوە هەوڵی پێكەوەیی و خەباتی هاوبەشمان گەرەنتی پاراستنی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە بەدینەهاتووەكانمانە، ئەو دەستكەوتەی ئەمڕۆش لەم چوارچێوەیەدا بەدیهات.
دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم