ماددەی هۆشبەر یەکێک لە مەترسیدارترین هەڕەشەکانی سەر جیهان

بەر لە 34 ساڵ، نەتەوە یەكگرتووەكان 26ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکان دیاریکرد، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی UN، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە هەندێك وڵاتدا لە دوو ساڵی ڕابردوودا چوار هێندە زیادیکردووە.

عێراق، بە هەرێمی کوردستانەوە، لەو وڵاتانەیە کە لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەمە بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی ڕوبەڕوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق.

بەپێی دوایین ئاماری بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ڕۆژی پێنجشەممە 24ی حوزەیران بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2020دا 275 ملیۆن کەس بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەربوون لە جیهاندا، بەوپێیەش ژمارەی بەکارهێنەران بەراورد بە ساڵی 2010 بەڕێژەی 22% زیادیکردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆکارەکانی هەڵکشانی ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە جیهاندا دەگێڕێتەوە، هەروەها زۆربوونی بێکاری و نەبوونی یەکسانی هۆکاری دیکەی پاڵنەرن بۆ بەكارهێنان و بازرگانیكردن پێوەی.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، 100 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی کۆرۆناوە تووشی هەژاریی سەخت بوون  و 255 ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەستداوە و ڕوبەڕووی بێکاری بوونەتەوە.

ئاماژە بەوەکراوە لە ساڵی 2019دا 200 ملیۆن کەس لەجیهاندا ڕووەكی “كانابیس” بەكاردەهێنن و دەکاتە %4ی کۆی دانیشتووانی جیهان، ئەو ژمارەیە لە ساڵی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە بۆ 18%ی دانیشتووانی جیهان.

هەر بەپێی ئامارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ساڵی 2019دا 20 ملیۆن کەس لە جیهاندا کۆکایینیان بەکارهێناوە، کە دەکاتە 0.4%ی دانیشتووانی جیهان.

عێراق

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاندووە، ژمارەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە دوای ساڵی 2003وە بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، زۆرترین ڕێژەش لەناوچە هەژارنشینەکانە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەناو گەنجانی عێراقدا گەیشتووەتە 50%، بەڵام ئەم ئامارە بە فەرمیی تائێستا ڕانەگەیەنراوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، ڕێژەی 70%ی ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و بازرگانی پێوەدەکەن لە ناوچە هەژارنشینەکانن، ئەو ناوچانەی بێکاریی زۆری تێدایە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاترن تێیاندا.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی بەکارهێنەر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاندووە، کراوەیی سنوورەکان و نەبوونی چاودێریی توند لە دەروازە و هێڵە ئاسمانییەکان لە عێراقدا، هۆکارن بۆئەوە عێراقییەکان بەئاسانی دەستیان بەو ماددانە بگات.

هەروەها لیوا مازن کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی روبەڕوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاندوە، ڕێژەی 85%ی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دێنە ناو عێراقەوە، لەلایەن عێراقییەکانەوە بەکاردەهێنرێن.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقیش هۆشداریی توند دەدات لە بڵاوبوونەوەی فراوانی ماددەی هۆشبەر لە عێراقدا و دەڵێت، “کێشەی ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەرەکی و مەترسیدارەکان، کە وڵات ڕوبەڕووی بووەتەوە لەم ساڵانەی دواییدا”.

کۆمسیۆنەکە باس لەوەدەکات زۆرینەی ماددە هۆشبەرەکان لەوڵاتانی دەوروبەرەوە بەڕێگای نایاسایی دێنە عێراقەوە و لەگەڵ حەپە ئازارشکێنەکان و ڤیتامیناتەکاندا دێن.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق دەشڵێت، ئێستا نزیکەی پێنج هەزار و 602 بەندکراو لە عێراقدا بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەن، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 892 کەسیان بازرگانییان بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە، هەزار و 476 کەسیان تەنها بەکارهێنەر بوون، لەنێویاندا 39 ژن و 23 منداڵی خوار تەمەنی یاسایی هەن.

هەرێمی کوردستان

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ڕابردوودا 555 کیلۆگرام و 740 گرام ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستیبەسەرداگیراوە و هەزار و 133 کەسیش بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

لەکاتێکدا بەپێی ئەو ئامارەی تۆڕی میدیایی ئێستا لە سەرچاوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستیکەوتووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 200 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیبەسەرداگیراوە و زیاتر لە 800 تۆمەتباریش بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

بابەتی پێشتر

پاڵەوانی مێژوویی بەریتانیا بەشداری ئۆڵۆمپیاد ناکات

بابەتی دواتر

پژاک و کۆدار: هەڵبژاردنەکانی ئێران پیاوسالارانە بوو و ژنانی پەراوێزخست

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share