چۆن چاوەکانمان لە فشاری شاشەکان بپارێزین؟

سەردەمی بەرەوپێشچوونی دیجیتاڵی و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان وایکردووە بە نزیکەیی هیچ کەسێک دوورنەبێت لەبەرکەوتنی شاشەکان، لە مۆبایل و تابلێتەوە تاوەکو کۆمپیوتەر و تەلەفزیۆن و تەنانەت شاشەی ناو ئۆتۆمبێلەکان و کاتژمێرە زیرەکەکانیش، تەماشاکردنی شاشەکانیش هۆکارێکە بۆ درووستکردنی فشار لەسەر چاوەکان.

دکتۆرە کۆسار عەلی رەشید، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی چاو لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، پاراستنی چاوەکان لە فشاری پەیوەندیدار بە شاشە زۆر گرنگە، بەتایبەتی ئەگەر کاتژمێری زۆر بە بەکارهێنانی ئامێرە دیجیتاڵییەکان بەسەر ببەیت.

پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە پەیڕەوی یاسای 20-20-20 بکە کە بریتییە لە هەر 20 خولەک جارێک سەیری شتێک بکە کە لە دووری 20 مەترەوە بێت بۆ ماوەی 20 چرکە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئارامکردنەوەی ماسولکەکانی چاو و رێگریکردن لە فشار.

جگە لەوەش پێویستە، رووناکیی شاشە رێکبخرێت بە جۆرێک لەگەڵ ئاستی رووناکی دەوروبەرت بگونجێت.

قەبارەی فۆنت پێویستە گەورە بێت بۆ ئەوەی فشار لەسەر چاو کەمببێتەوە و کەمبوونەوەی بەرکەوتنی رووناکی شینیش بەهەمان ئەندازە گرنگە.

هاوکات پێویستە، شاشەکەت نزیکەی 50 بۆ 60 سانتیمەتر لە چاوەکانت دووربخەیتەوە و شوێنی شاشەکە کەمێک خوار ئاستی چاو بێت بۆ کەمکردنەوەی فشار.

لەلایەکی دیکەشەوە پێویستە گرنگی بە بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد بدرێت بۆ ئەوەی چاو لە وشکبوونەوە و خوران پارێزراو بێت و کاتەکانی شاشە سنووردار بکرێت و دوورکەوتنەوە لە تەماشاکردنی پێش خەوتن بۆ ئەوەی خەوەکەت تێکنەچێت.

پزیشکان جەختیشدەکەنەوە، پێویستە ساڵانە سەردانی پزیشکی چاو بکرێت جگە لەوە هەر کاتێک تووشی ناڕەحەتی بەردەوام، کاڵبوونەوەی بینین، یان سەرئێشە بوویت پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share