ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری لەبارەی ئەو لیژنەیە دەخاتەڕوو کە بۆ مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێم پێکهێندراوە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، دوای گفتوگۆیەکی زۆر بڕیاردرا لیژنەیەک بۆ مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو پێکبهێندرێت.
وتیشی، “وەزیری دارایی عێراق بە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی راگەیاندووە کە ئەوان تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمیان ناردووە و ئەوەی پابەند نابێت حکومەتی هەرێمە، ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایش وتوویانە شایستەی هەرێم تەنها مووچە نییە، بەڵکو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیشە کە نزیکەی 20 تریلیۆن و 900 ملیار دینارە”.
لەبارەی ئەو لیژنەیەی بۆ مووچەی مانگی 12 پێکهێندراوە، دارا سێکانیانی وتی، “لیژنەکە لە 7 ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەدواداچوونی پشکی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە”.
لە ناوەراستی مانگی یەکی 2025داین، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2024 لەگەڵ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2023 بە نادیاری ماوەتەوە.