بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر رایگەیاند، پارەی بژمێرەکان گەیشتووە و بەم زووانە دابەشدەکرێت.
د. دڵزار حەمەساڵح بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی تایبەتە بە بژمێرەکانی سەرژمێری، گەیشتووەتە هەرێم و پێشبینی دەکەین بەمزووانە بەسەر بژمێرەکاندا دابەشبکرێت.
وتیشی، دابەشکردنی بڕە پارەکە پەیوەندی بە تەواوکردنی کۆمەڵێک رێکارەوە هەبووە وەک وەرگرتنەوەی تابلێت و کەرەستەکانی پرۆسەی سەرژمێریی، لە ئێستاشدا وەک ئاماری هەولێر سەرجەم رێکارەکانمان تەواوکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا نوسراوی دابەشکردنی بڕە پارەی بژمێرەکان لای وەزارەتی پلاندانە، پێشبینی دەکەن لەم چەند رۆژەدا بە مەبەستی دابەشکردنی پارەی بژمێرەکان ئاگاداربکرێنەوە و بڕە پارەکە دابەشبکەن، کە بڕەکەی 250 هەزار دینارە بۆ هەر یەکێک.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 20ی 10ی 2024، پڕۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا دەستی پێكرد و تا 22ی تشرینی دووەمی 2024 پڕۆسەکە بەردەوام بوو.