کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ بارینی باران و بەفر بەردەوامدەبێت و ئەگەری دروستبوونی تەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان هەور دەبێت و ئەگەرى نمەباران و دروستبوونى تەم لە سەر ناوچە شاخاوییەکان هەیە، ئاسمانى هەرێم لە کاتەکانى بەیانى هەتا ئێوارە نیمچەهەور و هەورى تەواو دەبێت.
کەشناسیی هەرێم دەشڵێت، سەبارەت بە باران بارین بۆ ئەمڕۆ لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر ئەگەرى نمەباران هەیە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات بارانى مامناوەند هەیە، لەسەر لووتکەى شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت.
باس لەوەشدەکات، “کاریگەریى ئەم کەشە ناسەقامگیرە لەسەر سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین و پارێزگاى هەڵەبجە زیاتر دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە لە زۆربەى کات نیمچەهەور دەبێت، لە ئێوارەدا لە سەرجەم ناوچەکان کاریگەریى ئەم کەشە ناسەقامگیرە کۆتاییدێت و پاشان ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور”.
لەبارەی پلەی گەرمییەوە کەشناسیی هەرێم دەڵێت، پلەی گەرمی بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ نزمدەبێتەوە.
باس لەوەشدەکات، سبەی دووشەممە ئاسمان نیمچەهەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵەهەور، پلەی گەرمی بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ کەمێک بەرزدەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 18 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 14پلەى سیلیزى
دهۆک : 16 پلەى سیلیزى
کەرکوک : 17 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 17 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 19پلەى سیلیزى