چین رکابەرایەتییەکی توندی ئەمریکا دەکات و دەیەوێت دەست بەسەر تەکنەلۆژیای جیهاندا بگرێت، پلانێکی توند و تۆڵی داناوە و سزاکان کاری تێناکات و جەنگێکی قورس لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەبات کە جەنگی تەکنەلۆژییە.
ماددەی لیسیوم، ئەو مادەیەی لە درووستکردنی پاتریدا بەکاردێت و کارتێکی فشاری بەهێزی چینە کە شەڕی ئابوریی و سیاسیی پێدەکات، هەفتەی رابردوو، وەزارەتی بازرگانیی چین پێشنیارێکی پێشکەشکرد، بۆ سنووردارکردنی هەناردەکردنی ئەو مادانەی لە درووستکردنی پاتریدا بەکاردەهێندرێن. ئەوانیش گالیۆم و لیسیۆمن و توخمی سەرەکین لە درووستکردنی پاتری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان.
هەنگاوە نوێیەکەی چین کە تەنها چەند رۆژێک پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دێت، تەنها کارێکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو پەیامێکی روونە کە پەکین ئامادەیە کاریگەری خۆی بەسەر سەرچاوە گرنگەکاندا بەکاربهێنێت لە کاتێکدا کە رووبەڕووی فشارەکانی ئەمریکا دەبێتەوە سەبارەت بە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە پیشەسازیدا.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چین چەندین داهێنانی لە پرۆسێسکردنی کانزا گرنگەکاندا پەرەپێداوە، ئەمەش وایکردووە زاڵ بێت بەسەر بەرهەمهێنانی جیهانیی پاتری و ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی توانا بەرفراوانەکانی پاڵاوتن هاتووەتە بوون.
پلانەکانی چین ئامانجیان بەرزکردنەوەی کۆنترۆڵی وڵاتەکەیە بەسەر 70%ی پرۆسێسی لیسیۆم لە جیهاندا، و گۆڕینی بۆ کەرەستەی دروستکردنی پاتری ئۆتۆمبێل کارەبا، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕێوشوێنی نوێی چینی دەتوانێت بەربەست بۆ بەرهەمهێنەرانی لیسیۆم لە وڵاتانی رۆژئاوایی دروست بکات کە پشت بە تەکنەلۆژیای چینی دەبەستن بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە پێویستن بۆ لیسیۆم.
جێگەی ئاماژە بۆکردنەوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چین باڵادەستی خۆی بەسەر جیهانیی پیشەسازیی مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و هەموو ئامێرە تەکنەلۆژییەکاندا نیشانی جیهانداوە.
لە ئێستاشدا، کارێکی زۆر دەکات بۆ زیادکردنی فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبریدەکانی لە وڵاتانی جیهانی، لەناویشیاندا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبییەکان، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لە ئۆتۆمبێلی چینی و بە چەندین تایبەتمەندی بەرز چین و بە نرخی هەرزان، رکابەریی وڵاتانی جیهان دەکات لە بوارەکەدا.