بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازیی لە سەید عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە كرد.
لە دیدارێكدا كە رەفعەت عەبدوڵا و نزار ئامێدی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون، یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی دووپاتكرانەوە.
هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا پەرۆشبوون بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور، رێككەوتنە سیاسییەكان و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێكتێگەشتنەكان لە نێوان لایەنە بەشداربووەكانی پێكهێنانی حكومەت بۆ دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، سەرخستنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حكومەت و پشتگیریكردن لە دامەزراوە دەستوورییەكان.
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا تەوەرێكیتری دیدارەكە بوون و جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە ئاڵۆزییەكان كرایەوە بەشێوەیەك هەموولایەنەكان یەك گوتاری هاوبەشیان هەبێت لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ تەواوی پرسەكان هەڵویستی نیشتمانیی یەكێتی خستەڕوو و رایگەیاند، هەموو هەوڵەكانمان چڕكردووەتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار، دادپەروەر و دەربەست بە خەمی خەڵكەوە. لە هەنگاوەكانیشمان بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستانە لە ململانێ سیاسییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی لەچوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەردەوامین.
پەیوەست بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەرۆك بافڵ وتی، “چاودێریی پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەكەین و پێشوازیی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەكەین كە ئامانجەكەی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەیە”.