دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری ئازادكردنی بۆ رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دەركرد و سەنتەری میترۆش پێشوازی لە بڕیارەكە دەكات.
سەنتەری میترۆ لە زاری نەریمان ئەحمەد، پارێزەری رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد رایگەیاند، دادگای پێداچوونەوە بڕیاری (ئازادكردن)ی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدی دەركردوە.
وتیشی، “دادگا پێداچوونەوە هیچ بەڵگەیەك بۆ ئەو تۆمەتباركردنە لەبەردەست نەبووە بۆیە بڕیاری هەڵوەشانەوەی حوكمەكەی داوە” و وتی، دەستدەكەین بە رێوشوێنی ئازادكردنی، وەك ئەوەی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە.
سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیــ..ــوز لە 25ی تشرینی یەكەم لە دەروازەی فیشخابور دوای ئەوە بۆ بەشداریكردنی لە پرسەی باوكی سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كردبوو، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر كارەكەی دەستگیركرا، پاش 211 رۆژ رێگە بە پارێزەرەكانی درا سەردانی بكەن.
رێكەوتی 29ی تەمموز، لە هۆڵی دادگای دهۆك دانیشتنی دادگایی ئەو رۆژنامەنووسە بەڕێوەچوو، بە ماددەی 1ـی ژمارە 21ـی ساڵی 2003 پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “پارتـی یەكـێتی دیموكرات-پەیەدە” سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
سەنتەری میترۆ وێڕای پێشوازی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان داوادەكات، دادگاكان وەك فاكتەرێكی فشار و تۆڵەسەندنەوە لە دژی رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان بەكارنەهێنرێت.