پەرلەمانتارێک رایگەیاند، “بەغداد 988 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 12 ناردووە”.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، “ئەو داتایانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویاندەکاتەوە لەگەڵ بەڵگەکانی هاتنی پارە لە عێراقەوە بۆ هەرێم، کاتێک کۆیان دەکەیتەوە و دابەشیان دەکەی پێمان دەڵێن مووچەی هەر 12 مانگەکەی ساڵی رابردوو بە زیادەوە بۆ هەرێم هاتووە”.
وتیشی، “لە 24ی کانوونی یەکەمی 2024 عێراق دەڵێت 10 تریلیۆن و 901 ملیار و 261 ملیۆن دینارم بۆ هەرێم ناردووە، وەزارەتی دارایی هەرێم لە روونکردنەوەی 2ی کانوونی دووەمی 2025 دەڵێت، ئێمە 10 تریلیۆن و 752 ملیار و 582 ملیۆنمان لە بەغدادەوە بۆهاتووە”.
دەشڵێت، “جیاوازیی نێوان ئەو دوو ژمارەیە 148 ملیار دینارە، واتە هەرێم ئەو پارەیەی لاداوەتەوە ئەولاوە”.
سۆران عومەر دەڵێت، جگە لەوە هەرێم دەڵێت، بۆ ساڵی 2024، 960 ملیار دینارمان لە داهاتی ناوخۆ خستووەتە سەر مووچە، قبوڵمانە و 148 ملیارەکەش کە بردووتانە دەیخەینەلاوە، ئەو 10 تریلیۆن و 752 ملیار و 582 ملیۆنە لەگەڵ 960 ملیارەکەی داهاتی ناوخۆ کۆبکەینەوە و دابەشی 12 مانگی بکەین بۆ هەر مانگێک دەکاتە 976 ملیار دینار، خێرە دەڵێن تەنها دەتوانین مووچەی 11 مانگ بدەین؟.
ئەو پەرەلەمانتارە ئەوەش دەڵێت، “10تریلیۆن و 901 ملیار و 261 ملیۆن دینارەکەی بەغداد لەگەڵ 960 ملیارەکەی داهاتی ناوخۆ کۆبکەینەوە و دابەشی 12 مانگی بکەین، بۆ هەر مانگێک 988 ملیار دینار بۆ هەرێم هاتووە”.