لیرەی سوری لەگیرفانی هاوڵاتییاندا.. کلیلی خۆشبەختییە یان بۆمبی تەوقیتکراو؟

دراوی لیرەی سوری

دوای دروستبوونی دەوڵەتی سوریا لە ساڵی 1946 دووساڵ دواتر بڕیاردرا بە بەرهەمهێنانی دراوێکی فەرمی بۆ وڵاتەکە کە دواتر لیرەی سوری لێ بەرهەمهات و خرایە بازاڕەکانی وڵات و جیهانەوە. هەربۆیە، دوای تێپەربوونی 78 ساڵ بەسەر دروستبوونیدا و تێپەراندنی کۆمەڵێك قۆناغی سیاسی و ئابوری جۆراوجۆر تاوەکو ئێستاش دراوەکە لەناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەدا بەکاردەهێندرێت.

بەڵام، دوابەدوای روخانی رژمێی بەشار ئەسەد و پاشەکشێی سوپای سوریا لە وڵاتەکەدا، دەسەڵاتەکان لەماوەیەکی کەمدا گۆڕانکارییان بەسەرداهات و گروپە چەکدارەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دەسەڵاتەکانییان گرتەدەست و قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سوریادا سەریهەڵدا.

پریشکی گۆڕانکارییەکان، سەرجەم بوارەکانی حکومڕانی لە وڵاتەکەدا گرتەوە و راستەوخۆ بواری ئابووری بەگشتی و دراوی لیرەی سوریش بەشێکی سەرەکی بوون لە گۆرانکارییەکان. هاوکات، بەهۆی داخستنی سنوورەکانی سوریاوە لەلایەن گروپە چەکدارەکان، بەهای دراوەکە تاڕادەیەک بەجێگیری لەناوخۆی وڵاتەکەدا مایەوە و گۆڕانکاری تێدا روینەداوە.

لەهەرێمی کوردستان

بەپێی زانیارییەکان، لەگەڵ هاتنی شەپۆلی گۆڕانکارییە نوێیەکانی سوریادا، نرخی دراوەکە لە بازاڕەکانی تایبەت بە ئاڵۆڕی دراو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەم بەرزبوونەوەیەش بووە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە بچنە ناو بازنەی مامەڵەکردن بە دراوەکەوە، بەئومێدی بەدەستهێنانی قازانج و بڕێک دەستکەوتی ماددی، هەربۆیە لەم کاتەدا پرسیارێک لای شارەزایان دروستبوو “ئایا دراوەکە لەگیرفانی هاوڵاتییاندا دەبێتە کلیلی خۆشبەختی یان بۆمبی تەوقیتکراو؟” ئایا دەبێتە کردنەوەی دەروازەیەکی خۆشبەختی بۆ مامەڵەکار و قازانجی بۆ دەهێنێت، یاخود بەپێچەوانەوە هاوشێوەی بۆمبێکی تەوقیتکراو دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەشێکی سامان و داهاتی مامەڵەکار؟

ئەوەی جێگای سەرنجی هاوڵاتییان بەگشتی و مامەڵەکارانی دراوی لیرەی سوری بەتایبەت بوو، بریتیبوو لە بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی دراوەکە کە تەنها بەچەند رۆژێک بەهاکەی گەیشتە زیاتر لە 700 هەزار دیناری عێراقی، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی بوو بۆ مێژووی دراوەکە بەتایبەت لە هەرێمی کوردستاندا، هەربۆیە دوای بەزربوونەوەوەکە، هاوڵاتییان بەلێشاو ڕویان لە بازاڕەکانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی دراو کردو هەموو هەوڵێکیان دەدا تاوەکو دراوەکەیان لەکاتێکی زوودا دەستبکەوێت و دواتر لەئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەیدا بیفرۆشن و بڕە پارەیەکی باشی لێ قازانج بکەن.

ناجێگیری دراوەکە

بەپێی هەڵسەنگاندنی مێژووناسان، وڵاتی سوریا بەیەکێک لەو وڵاتانە دادەندرێت کە مێژوویەکی پڕ لە ململانێ و گرژی بەردەوامی تێدابووە، بەتایبەت لە 13 ساڵی رابردوودا کاتێک پریشکی شۆڕشە زنجیرەییەکانی وڵاتانی عەرەبی سوریاشی گرتەوە و وڵاتەکە بووە بەشێک لە گرژییەکانی ناوچەکە، دواتریش بووە شانۆی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و جەنگی ناوخۆیی، کە بێگومان لە زانستی ئابوریشدا، ئەو ناوچانەی ناسەقامگیرن و جەنگییان تێدایە ئاستی وەبەرهێنان و بەهای دراوییان رۆژبەرۆژ دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، نموونەی زیندوش سوریا.

شارەزایانی بواری ئابوری ئاماژە بەوەدەکەن، هەرکاتێک حکومەتی نوێی سوریا دەروازە سنوورییەکانی بکاتەوە و هاتووچۆی بازرگانی ئاسایی ببێتەوە، ئەوا بەهای دراوەکە لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و بەمەش هاوڵاتییان روبەڕووی زەرەرو زیانێکی زۆر دەبنەوە لە دراوەکەدا.

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی شاری سلێمانی، لەماوەی رابردوودا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدابوو، کە مامەڵەکردن بە لیرەی سورییەوە مەترسیدار و پڕ لە سەرکێشییە، بۆیە داوا لە هاوڵاتییان دەکەین خۆیان لەمامەڵەکردن بە دراوەکەوە بپارێزن. ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر کەسێک لەچەند رۆژی رابردوودا بەبەهای 10 هەزار دۆلار لیرەی سوری کڕێبێت، ئەوا لەئێستادا بەهۆی نزمبوونەوەی بەهاکەی چوار هەزار دۆلار زەرەرمەندبووە کە دەکاتە رێژەی %40.

وتیشی، لەڕوی ئابوورییەوە هەرکاتێك مامەڵەیەک ئاستی سەرکێشی و مەترسییەکەی %10 بوو ئەوا بە گونجاو نازاندرێت بۆ مامەڵەکردن تیایدا، بەڵام مامەڵەکردن بە لیرەی سورییەوە ئاستی سەرکێشییەکەی گەیشتووەتە %80.

هاوکات، نرخی لیرەی سوری لە ئێستادا بەردەوامە لە دابەزین و بە ناجێگیریی ماوەتەوە.

بابەتی پێشتر

بیبەری رەش چۆن سوودی بۆ تەندروستیی مرۆڤ دەبێت؟

بابەتی دواتر

ئەو مۆبایلانەی لەمساڵدا دەکەونە بازاڕەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share