راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەقامگیری دارایی لە وڵاتدا بەردەوام دەبێت بەهۆی سیاسەتی بانکی ناوەندیی عێراق و میکانیزمی پارەدارکردنی بانکە نیشتیمانییەکان بە دراوی بیانی.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد، ئەرکی بانکی ناوەندییە بەردەوام دەبێت لە جوڵەکردن بە دوو ئاراستەدا: یەکەمیان دابینکردنی پێداویستییەکانی بانکە نیشتمانییەکانە بۆ دراوی بیانی کە دەبێتە هۆی بەردەوامیی سەقامگیری بازاڕ.
دووەمیش، رێگرییە لەهەر هەوڵێک بۆ سپیکردنەوەی پارە و چاودێریکردنی پارەدارکردنەکەی بانکە نیشتیمانییەکان بۆ ئەو مەبەستەی کە پارەکە بۆ کاڵا و شمەکەی راستەقینە تەرخاندەکرێت و دوورە لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی گوماناوی و سپیکردنەوەی پارە.