وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق دەربارەی پڕۆژەی تاکسیی نیشتیمانیی رایگەیاند “هەنگاوەکان بە باشی بەڕێوەدەچن و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە”
ئەمڕۆ سێشەممە، رەزاق سەعداوی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی “تاکسیی نیشتیمانیی” لە عێراقدا و هەنگاوەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن.
وتیشی “پڕۆژەکە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە دەمانەوێت پڕۆژەکە سەرتاسەریی بێت و هەموو عێراق لەژێر یەک پلاتفۆرمدا کۆبکەینەوە”.
ئاماژەی بەوەشدا “پڕۆژەکە سوودی بۆ ژینگە هەیەو قەرەباڵغی شەقامەکان کەمدەکاتەوە و بە شێوازێکی ئەلکترۆنی کاردەکات، هەروەها سکاڵاو پێشنیاری هاوڵاتییان وەردەگرێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە، پرۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ کەرتی تایبەت ئەنجامدەدرێت و بڕیارە لە ساڵی نوێدا رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەنجامبدرێت، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.