بافڵ جەلال تاڵەبانی: ناکرێت وەفاداری بەرامبەر کوردانی ئێزدی تەنیا لە دروشمدا بمێنێتەوە

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ قەرەبووکردنەوەی خوشک و برایانی ئێزدی نەنراوە و دەشڵێت، ناکرێت دڵسۆزی و وەفاداری بەرامبەر کوردانی ئێزدی تەنیا لە دروشمدا بمێنێتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی خوشک و برا ئێزدییەکانمان تێدەپەڕێت و هێشتا ئەم برینە گەورەیە خوێنی لێدەچۆڕێت. تاوەکو ئێستا نەک هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ قەرەبووکردنەوەی خوشک و برایانی ئێزدی نەنراوە، بەڵکو دەکرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و، شەنگالی خۆشەویستیش کە زێدی ئەوانە، وەک وێرانەی دوای جەنگ ماوەتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “ناکرێت دڵسۆزی و وەفاداری بەرامبەر کوردانی ئێزدی تەنیا لە دروشمدا بمێنێتەوە و دەبێت هەمووان هەنگاوبنێین، هەنگاوێک کە بە رۆحێکی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەوە بنرێت و بەشێکبین لە گەڕانەوەی هیوا بۆ خوشک و براکانمان نەک قووڵکردنەوەی برینەکانیان”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، “بەرپرسیارێتیی هەموومانە ئەم تاوانە گەورەیە لەبیرنەکەین و کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی بکەین، بێگومان هەڵوێستی ئەو وڵاتانەش لەیادناکەین کە بە فەرمی تاوانەکەیان وەک جینۆساید ناساندووە”.

سەرۆكی یەكێتی داواش لە حکومەتی عێراق دەکات ئەرک و بەرپرسیارێتیی یاسایی و مرۆیی خۆی بەرامبەر ئێزدییەکان بەجێبهێنێت و چیتر لە قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال کەمتەرخەم نەبێت.

بابەتی پێشتر

پێشبینییە زانستییەکان: نیوەی دانیشتووانی گۆی زەوی تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن

بابەتی دواتر

بانکی ناوەندی فرۆشتنی دۆلاری بەشێوەی کاش بەرزکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share