واشنتن لەبارەی هەڵبژاردنەوە وەڵامی سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا دەداتەوە

ویلایەتە یەكگرتووەكان هیوادەخوازێت سوریا پرۆسەی دیموكراسی “بە زووترین كات” دەستپێبكات، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆكی ئیدارەی نوێی وڵاتەكە رایگەیاند قۆناغی گواستنەوە كاتێكی زیاتری پێویستە.

بەرپرسێكی ئەمریكی رایگەیاند، واشنتن هیواخوازە هەڵبژاردنەكانی سوریا “ئازاد و بێگەرد بێت و، بەشێوەیەكی روون و بەرفراوان ئەنجامبدرێت”.

رۆژنامەی “زە ناشیۆناڵ” لە زاری بەرپرسەكەوە وتیشی، “هیواخوازین ئەو مەرجانە بە زووترین كات دەستەبەربكرێن”.

لێدوانەكە دوای ئەوە هات ئەحمەد شەرع، سەرۆكی دەسەڵاتی نوێی سوریا لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، هەڵبژاردن تا چوار ساڵی دیكە ئەنجام نادرێت، راستاندنی دەستووری نوێش تا سێ ساڵ ئەنجام نادرێت.

بە وتەی ئەو، ئەو خشتە كاتییانە هۆكارەكەی “پێویستیی ئەنجامدانی سەرژمێرییەكی گشتیی دانیشتووانە، ئەمەش ئەستەمە لە سایەی ئەو قەیرانە مرۆیی و ئاوارەبوونە فراوانەی لە وڵاتەكەدا هەیە”.

بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەكانی سوریا بە نزیكەی 7.2 ملیۆن دادەنرێت، لەكاتێكدا 6.2 ملیۆن پەنابەری سوری لە دەرەوەی وڵاتەكەدان.

بەرپرسە ئەمریكییەكە دووپاتیشیكردەوە، “دەمانەوێت سوریایەكی گشتگیر ببینین كە رێز لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكان بۆ سەرجەم سورییەكان بگرێت، لەنێویشیاندا ژنان و گروپ و پێكهاتەكان”.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پڕۆژەیەک بۆ گەنجان رادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share