وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕە ناوخۆییەکان چەند رێکارێکی راگەیاند، ئەوەش خراوەتەڕوو، لەماوەیەکی کەمی داهاتوودا نرخی گۆشتی سوور دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.
مەهدی سەهر، یاریدەدەری ئەمینداری کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، کار بۆ دابینکردنی گۆشتی سوور و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی لە بازاڕە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خواستی ناوخۆیی دەکەن.
ناوبراو باسی لەوەشکردووە، نرخی گۆشتی سوور تاڕادەیەک سەقامگیرییان بەخۆیانەوە بینیووە و لەماوەیەکی کەمی داهاتوودا پێشبینی دابەزینی زۆری نرخەکەی دەکرێت بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی خۆماڵی و زۆری هاوردەکردنەوە کە دەتوانێت خواستی بازاڕ پڕبکاتەوە.
روونیشیکردەوە، ئێستا دەرگای هاوردەکردنی ئاژەڵیان بەمەبەستی گۆشتەکەی و بە مەبەستی بەخێوکردنیش کردووەتەوە، جگە لە هاوردەکردنی گۆشت لە وڵاتانی جیهانەوە بەو مەرجەی وڵاتەکە ئەندامی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بێت.
جەختیشیکردەوە، هەوڵەکانی وەزارەت بۆ بەدواداچوون بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان و دابینکردنی پێداویستی هاوڵاتییان بۆ کەلوپەل و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بەردەوامە.
باسی لەوەشکرد، ئاسانکاری بۆ رێکارەکانی هاوردەکردنی گۆشتی سوور و ئاژەڵ لە دەرەوەی وڵاتەوە لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە کراوە و پلاتفۆرمی تایبەت بە پێشکەشکردنی داواکاریی هاوردەکردن خراوەتەڕوو.