موسەننا ئەمین: داهاتەكانی حكومەتی هەرێم لە كوێن؟

پەرلەمانتارێكی كورد داوادەكات حكومەتی هەرێم لە داهاتی خۆی مووچەی دوو مانگی كۆتایی ئەمساڵ تەواو بكات و دەشڵێت، ناكرێت خۆت ناوبنێیت حكومەت و مووچە نەدەیت.

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا و رۆژنامەنووسان لە هەولێر رایگەیاند، پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی مووچەخۆرانی هەرێم بدات “لەو پارە مۆڵكراوانەی كە ئێمە دڵنیاین هەیەتی”.

پرسیاری ئەوەشیكرد، داهاتەكانی حكومەتی هەرێم لە ناوخۆ و نەوت و دەروازەكان لە كوێن؟ و سەبارەت بە دواكەوتنی مووچەش وتی، “ئەگەر حكومەتی ناوەند جارێك تاوانبار بێت، حكومەتی هەرێم 10 جار تاوانبار و بەرپرسیارە، ناكرێت ناوی خۆت بنێیت حكومەت و مووچە نەدەیت”.

ئەو پەرلەمانتارە پێدانی بەشی تاقیگە و پشكنینی نەخۆشخانەی حكومییەكانی بە كەرتی تایبەت بە “هەراجكردنی نیشتمان” ناوبرد و باسی لەوەكرد، ناكرێت مووچە و نانت نەبێت بیدەیت بە خەڵكەكەت، تێستكردنی نەخۆش بدەیت بە كەرتی تایبەت.

دووپاتیشیكردەوە، پێویستە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەكان بۆ هاوڵاتییان دابینبكرێت، دەبێت رێگری لەو جۆرە كارانە بكرێت، میللەت زیندوو بێت و بچێتە سەر شەقام، چونكە ئەوە سوكایەتییە بە مافی خەڵك.

بابەتی پێشتر

تێچوونی حەجی 2025 ئاشکراکرا

بابەتی دواتر

‎پەیامێك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share