هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەنجامە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە فڕۆکەکەیان کە رۆژی چوارشەممە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە، بەهۆی دەستتێوەردانی دەرەکییەوە بووە.
بە گوێرەی قسەی چەند سەرچاوەیەک، دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان پێیان وایە ئەو فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان کە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە 38 کەس گیانیان لەدەستدا، لە ئەنجامی بەرکەوتنی فڕۆکەکە بووە بە مووشەکێکی دژە فڕۆکەی رووسی.
فڕۆکەکە کە 67 کەسی هەڵگرتبوو، لەکاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوە لە کازاخستان کەوتەخوارەوە و 38 کەس گیانیان لەدەستدا و 29 کەس رزگاریان بوو.
هاوکات، دوو سندوقە رەشەکە دۆزراونەتەوە، پێشبینی دەکرێت شیکاری ئەو دوو ئامێرە و پەیوەندییە رادیۆییەکان یارمەتی لێکۆڵەران بدەن بۆ دیاریکردنی هۆکاری راستەقینە و سەلمێندراوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە.