زیاتر لە 400 کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە هاوسەرگیریی منداڵان لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان، دەستگیرکران.
ژمارەی دەستگیرکراون لەسەر هەمان کەیس لە ساڵی 2023ەوە، گەیشتە نزیکەی پێنج هەزار کەس.
هیمانتا بیسوا سارما، سەرۆکوەزیرانی ئاسام، کە هەوڵدەدات تاوەکو ساڵی 2026 دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان لە ناوچەکەی خۆیدا نەهێڵێت، دووپاتیکردەوە، “بەردەوامدەبین لە گرتنەبەری رێوشوێنی بوێرانە بۆ کۆتاییهێنان بەم بەڵا کۆمەڵایەتییە”.
هەرچەندە لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە لە هیندستان ژمارەی هاوسەرگیریی منداڵان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام ئەو کارە هێشتا لەو وڵاتەدا بەربڵاوە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 220 ملیۆن منداڵی هاوسەردار لەو وڵاتەدا هەن.
لە ویلایەتی ئاسام، دوای هەڵمەتێک کە لە مانگی شوباتی ساڵی 2023 دەستیپێکردووە، نزیکەی چوار هەزار و 800 کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە هاوسەرگیریی منداڵان، دەستگیرکراون.