بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەوڵەکانی مەزڵوم عەبدی بەرزدەنرخێنین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیی لە وەفدێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) کرد، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سوریا و ناوچەکە کرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، “هەوڵەکانی مەزڵوم عەبدی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە بەرزدەنرخێنین و هیوادارین هەموولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان بدەن”.

وەفدەکەی دەم پارتی پێکهاتبوون لە، تولای هاتیمۆغولاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی دەم پارتی و ئەبرو گونای، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە، و بەردان ئۆزتورک، وتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سالار سەرحەد، لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکان ئامادەبوون، دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سووریا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کرایەوە.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پاراستنی مافەکان و رێزگرتن لە ئیرادەی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریا بەتایبەت گەلی کورد کردەوە، داواشکرا هەمووان پێکەوە بە یەکسانی بڕیار لە چارەنووسی وڵاتەکە بدەن و قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی بهێننە کایەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئەرێنی لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بۆ داهاتووی سووریا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پشتیوانیی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجەکەی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردە لە سووریا، پاڵپشتیی گەلەکەشمان دەکەین لە رۆژئاوا بۆ سەرخستنی ئامانجەکانیان. هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز مەزڵوم عەبدی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە بەرزدەنرخێنین و هیوادارین هەموولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان بدەن.

لەبەرامبەردا وەفدی باڵای دەم پارتی پێزانینان بۆ هەڵوێستی کوردستانییانەی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی کە وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانبوون بۆ پاراستنی مافی کورد و روونیان کردەوە، دەم پارتی بە سیاسەتێکی نیشتمانییانەوە کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری دەکات، بێگومان هەوڵەکانیشمان لەپێناو پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا بەردەوامدەبێت.

بابەتی پێشتر

مووچەخۆران لەبارەی راگرتنی مووچەکانیان ئاگاداردەکرێنەوە

بابەتی دواتر

مسقاڵێک زێڕی عەیاری 21 بە 560 هەزار دینارە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share