لەدوای گۆڕانکارییە بنچینەییەکان لە سووریا، پرسی کورد بووەتە پرسێکی جیهانی، بەهۆی ئەوەی کوردەکان لە رۆژئاوای کوردستان جۆرێک لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرێتییان هەیە لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئەمڕۆ و لەگەڵ نووسینەوەی دەستووری نوێی سوریادا دەبێت لەبەرچاوبگیێرن، بۆ ئەمەش یەکێک لە ئەگەرەکان سیستمی فیدڕاڵییە لە سوریا.
سیستمی فیدڕاڵی جیاواز لە سیستمی سەرۆکایەتی، ماف بە خۆبەڕێوەبەرێتی دەدات لەژێر چەتری سیستمی دەوڵەتدا، بە مانەیەکی دیکە دەکرێت لە دەسەڵاتی فیدڕاڵیدا هەرێمەکان یاخود شارەکان کۆمەڵێک مافیان پێبدرێت بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەند.
سیستمی فیدڕاڵی یەکێکە لە شێوازەکانی حوکمڕانی لە جیهانی هاوچەرخدا کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان حکومەتی ناوەندی و یەکە ناوخۆییەکاندا دامەزراوە.
ئەم سیستەمە بە گوێرەی پێویستی و تایبەتمەندییەکانی هەر وڵاتێک، شێوازی جیاوازی هەیە، وەک سیستمی فیدڕاڵی دووانەیی، سیستمی فیدڕاڵی یەکگرتوو، سیستمی فیدڕاڵی هاوبەش، سیستمی فیدڕاڵی ناوەندی و لە هەر یەکێک لەمانەدا جیاوازی هەیە لە مامەڵەی یەکە ناوخۆییەکان و دەسەڵاتی ناوەندی.
پێناسەیەکی گونجاو بۆ سیستەمی فیدڕاڵی، جۆرێکە لە شێوەکانی دەسەڵاتداری کە دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی دەستووری لە نێوان حکومەتێکی ناوەندی لەگەڵ یەکەی حکومەتی بچووکتردا دابەشدەبن کە یان حکومەتێکی دیکەی فیدراڵی یاخود هەرێم و ناوچەیەکە، هەردوو ئاستی حکومەت پشت بەیەک دەبەستن و سەروەری لەدەوڵەتدا هاوبەشن.
بەشێوەیەکی گشتی لە سیستمی نوێی دونیادا، بۆ ئەو وڵاتانەی فرە نەتەوە و فرە ئاینن، ئەم سیستمە وا دەبیندرێت کە دەکرێت مافی هەموو لایەنێکی تێدا پارێزراو بێت، پێچەوانەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کە هەموو دەسەڵاتەکان دەچێتەوە دەستی سەرۆکی وڵات.
یەکێک لە نموونەکانی دەسەڵاتی سیاسیی فیدڕاڵی دەوڵەتی عێراقە، دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە کە لە دەستوری هەمیشەیی ساڵی 2005دا بەپێی ماددەی یەک هاتووە.
لە نموونەکانی دیکەی ئەم سیستمە کە پەیڕەو دەکرێت، ئەرجەنتین کە خاوەنی 23 هەرێمە، ئوستورالیا شەش ویلایەت و کەنەدا بە 10 هەرێم و ئەڵمانیا و هیندستان و بەڕازیل و مەکسیک و نەیجیریا و رووسیا و سویسڕا و ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە بەم جۆرە بەڕێوەدەچن.
لە سیستمی فیدڕاڵیدا، دەستوور لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە و نە حکومەتی ناوەند و نە حکومەتە بچووکەکان ناتوانن پێشێلی مافە دەستوورییەکان بکەن و مانەوە و داهاتووی هەردووکیان بەیەکەوە بەند دەبێت.
بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردن وەک شێوازێکی گونجاو و پەسەند بۆ دۆخی ئەمڕۆی سوریا تەماشا دەکرێت، کە دەکرێت مافەکانی کورد تیایدا پارێزراو بن.