سەرچاوە سیاسییەكان رایدەگەیەنن، مەرجەعی باڵای شیعەكان رەتیكردووەتەوە فەتوایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەربكات سەرەڕای ئەو فشارانەی لە وڵاتانی رۆژئاواوە دەكرێنەسەر عێراق.
رۆژنامەی “ئەلئەخبار”ی لوبنانی لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە رایگەیاند، حكومەتی عێراق زیاتر لە جارێك داواكاری لە لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكانەوە پێگەیشتووە بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و رادەستكردنی چەكی گروپە چەكدارەكان بە دەوڵەت.
وتیشی، “سەردانی دووەمی محەمەد حەسان نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق بۆ لای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە نەجەف، مەبەست لێی داواكردنی دەركردنی فەتوایەك بوو بۆ هەڵوەشانەوەی حەشد كە پێشتر بە فەتوایەكی ئەو دامەزرا، یاخود تێكەڵكردنی لەگەڵ وەزارەتە ئەمنییەكان، بەڵام لەلایەن سیستانییەوە رەتكراوەتەوە”.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقیشەوە دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كار لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان دەكات لەپێناو كەمكردنەوەی ململانێی ئایدۆلۆجی، بەتایبەت پاش “زریانی ئەقسا” و رووداوەكانی دیكە لە سوریا و رووخانی رژێم.
روونیشیكردەوە، دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی حەشد و گروپەكان خواستێكی نوێی رۆژئاوا نییە، بەتایبەت لەلایەنی ویلایەتە یەكگرتووەكان، كە بەردەوام نیگەرانی خۆی لەبارەی گروپەكانەوە دەردەبڕێت، بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن یان سیاسەتی ئێران لە ناوچەكەدا جێبەجێ دەكەن.
سەرچاوەی سێیەمیش بە رۆژنامەكەی وتووە، سیستانی لە سەردانی یەكەمدا پێشوازی لە حەسان كردووە و تیایدا تاوتوێی دۆخی ناوچەكە و ئاییندەی عێراق كراوە، بەڵام لە سەردانی دووەمدا كە بەر لە چەند رۆژێك و پاش نزیكەی مانگێك بەسەر سەردانی دووەمدا ئەنجامدرا، مەرجەعی باڵا پێشوازی لێنەكرد، بەڵكو محەمەد رەزا-ی كوڕی پێشوازی كرد، ئەمەش نیشانیدەدات كە داواكارییەكی دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشد هەبووە، پێشوازینەكردنەكەش وەك رەتكردنەوەی ئەو داوایە بووە.