دادگای تاوانی نەینەوا بڕیاری 10 ساڵ زیندانیکردن بەسەر خاوەنی هۆڵی بۆنەکانی قەزای حەمدانییەدا سەپاند کە ساڵی رابردوو لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکدا ئاگریگرت و بەهۆیەوە دەیان کەس بوونە قوربانی.
بەپێی نووسراوی بڕیارەکەی دادگا، دادوەر بڕیاریداوە سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بەسەر تۆمەتبار هەیسەم بسەپێنێت لەگەڵ هەژمارکردنی ماوەی راگرتنی.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە هۆڵی بۆنەکان لە ناحیەی قەرەقوش لە قەزای حەمدانییە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەستدا و 100 ی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان مەسیحی بوون.
بەپێی راپۆرتی ئەو لیژنەیەی لەسەر رووداوەکە پێکهێنرا، ئاگرەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە کەوتووەتەوە، نەبوونی مەرجی سەلامەتی لە هۆڵەکەدا ئاگرەکە پەرەیسەندووە.