ئەبیگەیل تایس ئیدا بێرن، رۆژنامەنووسێکی ئەمریکییە و ماوەی 12 ساڵە لە سوریا بێسەروشوێنە حکومەتی وڵاتەکەشی یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە هەر کەسێک زانیاریی لەبارەوە ئاشکرابکات.
ئەبیگەیل تایس ئیدا بێرن، لە ساڵی 2012 بەمەبەستی کاری رۆژنامەوانی لە ئەمریکاوە گەیشتووەتە سوریا و لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دیمەشق لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندرا.
ئەو رۆژنامەنووسە کە لە رابردوودا کاری بۆ چەندین رۆژنامەی بەناوبانگی وڵاتەکەی کردووە، مانگێک دوای رفاندنەکەی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بە چاوی بەستراوەوە بینرا و ئەوە بۆ خێزانەکەی پشتراستبووەوە کە لە ژیاندا ماوە بەڵام جارێکی دیکە نەتوانرا ببینرێتەوە.
ساڵی 2022 جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، کە دەزانن رۆژنامەنووسەکە لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە زیندانیکراوە و بە رەسمی داوای ئازادکردن و رادەستکردنەوەی کراوە.
لەدوای ئەوەی کە رژێمی ئەسەد کۆتاییهات و زۆرینەی زیندانەکانی ئەو وڵاتە شکێنران، کەسوکاری ئەبیگەیل تایس جارێکی دیکە دەرکەوتنەوە و داوای سۆراغکردنی کوڕەکەیان دەکەن.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، ئێف بی ئای بڕی یەک ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ هەر کەسێک زانیاریی لەبارەی ئازادبوونی ئەو رۆژنامەنووسەوە ئاشکرابکات.