بژاردەکانی بەردەم ئەسەد کەمدەبنەوە، چی چاوەڕێی سیستمەکەی دەکات؟

گروپە چەکدارەکان لە حەما بەرەوپێشوونی زۆریان بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتوون بە شاری حمس ئەمەش سیستمی سیاسیی سوریایان خستووەتە دۆخێکی سەختەوە و بە تایبەت پاش ئەوەی لە زاری گەورە سیاسییەکانی جیهانەوە باس لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هاتەبەرباس.

لە ئێستادا گروپە چەکدارییەکان هەوڵدەدەن بچنە ناو شاری حمس لە ناوەڕاستی سوریا لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی بەشێوەیەکی تەواوەتی و دواتر بگەن بە شاری دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکە، هەر وەک ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر گەیشتن بە شاری حەما و حەڵەب کە دووەمین گەورە شاری وڵاتەکەیە لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە.

لە لایەکی دیکەوە رۆژی هەینی گرووپە چەکدارەکانی دیکە ژمارەیەک هێرشیان لە باشووری سوریا ئەنجامدا و لە ئەنجامدا سوپا پارێزگاکانی دەرعا و سوەیدەی بە تەواوی چۆڵکرد.

هەرچەندە لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011 دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد کەوتە دۆخێکی قورسەوە، بەڵام لە مێژووی خۆیدا ئەمە یەکەمجارە بگاتە دۆخێکی وەها سەخت.

لەگەڵ فراوانبوونی هێرشی گروپە چەکدارەکان لە ئاڕاستە جیاوازەکانی سوریاوە، وڵاتانی دراوسێی وەک ئوردن و لوبنان دەروازە سنوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکەدا داخستووە، وڵاتێکی وەک روسیاش کە پێشتر وەک هاوپەیمانی ئەسەد خۆی نیشاندەدا، داوای لە هاوڵاتییانی کرد سوریا جێبهێڵن، جگە لەوەش لەگەڵ ئێراندا هەرچەندە لە رابردوودا پاڵپشتیان دەکرد، لە بەیاننامەکانی چەند رۆژی رابردوویاندا هیچ ئامادەییەکیان بۆ پێشوازی لە ئەسەد و خێزانەکەی دەرنەبڕی لە ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشقدا.

چی چاوەڕێی ئەسەد دەکات؟

لە واقعدا سیستمی سیاسیی سوریا رووبەڕووی کێشەیەکی زۆر قووڵ و لەدەست دەرچوو بووەتەوە، بە تایبەت پاش لەدەستدانی حەڵەب و حەما و نزیکبوونەوەی لەدەستدانی بەشێکی دیکەی خاکی سوریا، ئەمەش بە وتەی ئارۆن لۆند شارەزای کاروباری سوریا لە دەزگای سەدەی نێودەوڵەتی.

ئارۆن لۆد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت، “ئەگەر رژێمەکەی ئەسەد بتوانێت لە حمس بەرگریی بکات رەنگە بتوانێت دۆخەکە تا رادەیەک ئاسایی بکاتەوە، بەڵام ئەمە ئەگەرێکی دوورە بۆی”.

باسلەوەشدەکات، کۆنتڕۆڵکردنی حمس لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە سیستمی سوریا دەکاتە دوو بەشەوە، تەنانەت ئەگەر بەشێکیان سووربن لەسەر شەڕکردن، ناتوانن خۆیان وەک دەسەڵاتێکی بەهێز نیشانبدەن.

جەختیشدەکاتەوە، لەدوای ئەوەی کە راوێژکارە ئێرانییەکان سوریایان جێهێشت، دەسەڵاتەکەی ئەسەد لە هاوکارییەکانی ئێران و روسیا بێهیوا بوو، بەدووری دەزانێت بتوانێت دۆخەکە بهێنێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی.

پێشبینییەکان بۆ داهاتوو چین؟

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، لەدوای ئەو بەرەوپێشچوونانەی گروپە چەکدارییەکان بەدەستیانهێناوە، ئێران دەستیکردووە بە کشانەوەی کەسایەتی و سەرکردە سیاسییەکانی و تەنانەت کرێکارانی بنکە سەربازییەکان بە رێگای ئاسمانی و وشکانی لە سوریا، ئەمەش تەواو بێتوانایی ئێران لە هاوکاریکردنی رژێمەکەی ئەسەد دەسەلمێنێت.

لای خۆیەوە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، هەریەکە لە ئوردن و میسر داوایان لە ئەسەد کردووە وڵاتەکە جێبهێڵێت و لە دەرەوە حکومەت پێکبهێنێت، هەرچەندە ئوردن بە توندی ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.

هاوکات ئاشکرایکرد، هەریەکە لە ئیمارات و قەتەر ترسیان لە رووخانی رژێمەکەی ئەسەد و تێكچوونی دۆخی هەرێمایەتی نیشتووە.

ئەیمەن دسوقی توێژەر لە بنکەی عیمران بۆ توێژینەوەی ستراتیژی دەڵێت، ” شەڕی ئەم دواییانە توانای سیستمی سوریای بەبێ هاوپەیمانەکانی دەرخست، ئەمە جۆرێک لە نادڵنیایی سەبارەت بە ئایندەی دەسەڵاتەکەی ئەسەد دروستکردووە”.

سەبارەت بە ئایندەی ئەسەد ئەو توێژەرە جەختیکردەوە، واقعی مەیدانی جەنگ و وردەکاریی دانوستانەکان و چۆنێتی مامەڵەکردنی رژێمەکەی ئەسەد لەگەڵیان بڕیار دەدات”.

لەگەڵ ئەوەی گروپە چەکدارەکان نزیکن لە دیمەشەوە، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتەکەی ئەسەد پەیوەستبوونی خۆی پێوە دووپاتکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر بگەن بە دیمەشق بژاردەی گواستنەوەی پایتەخت لە ئارادا هەیە، ئەگەر لەرووی سیاسییشەوە بکەوێت، بەڵام لەڕووی چەکدارییەوە بەم نزیکانە ناکەوێت.

باسیلەوەشکرد، مانەوەی بەشێک لە رژێمەکەی ئەسەد بۆ بەپێوە هێشتنەوەی هەیکەلی دامەزراوەکان، ئەگەری رووخاندنی رژێمەکەی ئەسەد بە تەواوەتی دووردەخاتەوە.

جەختیشیکردەوە، مانەوەی بەشێک لە سیستمی سیاسیی سوریا پێویستە بۆ دەرکردنی ئەسەد لێی و کەنارگیرکردنی و لەدەستدانی پاڵپشتییەکانی سیستمی وڵاتەکەی، ئەمەش وادەکات رێگریبکات لە بڕیاری رووبەڕووبوونەوە تا کۆتایی و ئەو وێرانکارییەی لە کۆتاییدا دەکەوێتەوە.

بە وتەی ئەو شارەزایە، هێشتنەوەی بەشێک لە سیستمی سیاسی سوریا و رێگریکردن لە رووخانی تەواوەتی زیاتر، وادەکات رێگریبکات لە دووبارە بوونەوەی سیناریۆکانی عێراق دوای رووخانی رژێمی سەدام کە تا ئەمڕۆش وڵاتەکە بەدەست لێکەوتەکانییەوە دەناڵێنێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پێشتر

سەرۆكایەتیی سوریا: بەشار ئەسەد وڵاتی جێنەهێشتووە

بابەتی دواتر

رووداوێکی هاتوچۆ دوو قوربانی لێکەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share