پەرلەمانتارانی کۆریای باشوور پێشنیاریان کرد کە یۆن سوک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت بەهۆی بڕیارە کتوپڕەکەی بۆ راگەیاندنی یاسای سەربازی بەسەر دەوڵەتدا.
یەکەم هەنگاوی سەرۆکی وڵات، لە یاساکەدا قەدەغەکردنی ئۆپۆزسیۆن و چالاکییەکانیان بوو، پەرلەمانی پەکخست بەڵام پەرلەمان کۆبوونەوەی بەپەلەی کرد و بڕیارەکەی رەتکردەوە، دواتریش پشێوویی دروستبوو لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی کۆریای باشوور لەبەردەم پەرلەماندا.
ئێستا، پەرلەمان دەیەوێت سەرۆکی حکومەت راپێچی یاسا بکەن و سزای بەسەردا بسەپێنن، ئەویش یەکەم هەنگاو وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی گۆڕی.
پارتی دیموکرات و پارتە بچووکەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن رۆژی چوارشەممە پێشنیارێکی هاوبەشیان بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک یۆن سوک یۆل پێشکەش کرد لەسەر راگەیاندنی یاسای سەربازیی کە نزیکەی شەش کاتژمێری خایاند، لەکاتێکدا پەرلەمانی وڵاتەکە بە خێرایی دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئەمەش کابینەکەی ناچارکرد پێش بەیانی رۆژی چوارشەممە یاسای سەربازی هەڵبوەشێنێتەوە.
سەرۆکی وڵاتەکە، دوای ئەو رووداوەی روویدا دەرنەکەوتووە، نووسینگەکەشی تەنهای ئەوەی وتووە، کە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیان گۆڕیووە.
وەزارەتی بەرگرییش ئەوەی بڵاوکردەوە، کە وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور، خۆی داوای دەستلەکارێکشانەویە کردووە بەو پێیە داوای کردووە یاسای سەربازی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و خەڵکی نیگەران کردووە.
ئێستا، تۆمەتی خیانەتی نیشتیمانیی لەسەر وەزیری بەرگرییە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتیشدا دەکرێت، ئەگەر یۆن دەست لەکاربکێشێتەوە یان لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، ئەوا لە ماوەی 60 رۆژدا هەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجام دەدرێت.