گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە ئەمریكا 900 هەزار حاڵەتی تێپەڕاند

ڕۆژانە 2400 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماردەكرێت

تووشبوون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە جیهاندا بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، ویلایەتە یەكگرتووەكان كە زەرەرمەندترین وڵاتی پەتاكەیە گیانلەدەستدان تیایدا 900 هەزار حاڵەتی تێپەڕاند.

بەپێی ئامارەكانی زانكۆی جۆنز هۆبكنز-ی ئەمریكی، وڵاتەكە لە ناوەڕاستی كانونی یەكەمی ڕابردوو 800 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدانی تێپەڕاند، واتە بەر لە مانگ و نیوێك بەر لە ئێستا.

ویلایەتە یەكگرتووەكان لەئێستادا لە بەردەم شەپۆلی تووشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیكرۆن دایە، ئەمەش ئەگەری گەیشتن بە یەك ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان بەدوورنازانرێت لەماوەی مانگێك یان زیاتری داهاتوودا.

بەپێی ئامارەكان لەئێستادا تووشبوون بە گۆڕاوەكە ڕوو لە كەمبوونەوەیە، بەڵام ژمارەكانی گیانلەدەستدانی ڕۆژانە بەرزە، بەجۆرێك بەشێوەیەكی ڕێژەیی ڕۆژانە 2400 حاڵەت تۆماردەكرێت.

سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی گیانلەدەستدان، تەنها 64%ی ئەمریكییەكان ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئەگەرچی ڤاكسینی كاریگەر بەشێوەیەكی بەرچاو بەردەست خراوە.

بەپێی ژمارە فەرمییەكان، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ڕیزبەندی یەكەمدایە لەڕووی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا، دوای ئەو هەریەك لە بەڕازیل و هندستان دێت.

پەتاكە تائێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیكەمی 5.7 ملیۆن كەس لەسەر ئاستی جیهان لەوەتەی بڵاوبوونەوەیەوە لە كانونی یەكەمی 2019، بەپێی ئەو ئامارەی ڕۆژی هەینی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، بەڵام ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ژمارە ڕاستەقینەكە پێدەچێت دوو هێندە یان سێ هێندە بێت.

بابەتی پێشتر

مەغریب.. هەوڵەكان بۆ ڕزگاركردنی ڕەیان بەردەوامە

بابەتی دواتر

بازاڕی نەوت لەسەروو 93 دۆلارەوە داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share