ئەمڕۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە سلێمانی دەستپێدەکات و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
بە ناونیشانی “لە پێناوی شکۆی وشە، گەلاوێژ بەردەوامە”، 27ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ دەستپێدەکات.
ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، فێستیڤاڵەکە چەندین چالاکیی هونەری و ئەدەبی لەخۆدەگرێت، چەندین خەڵات پێشکەشدەکرێت یەکێک لەوانە خەڵاتی زێڕینی کوردستانە کە بە ئەدیبێکی بیانی دەدرێت و خەڵاتی زێڕینی گەلاوێژ بە ئەدیبێکی کورد دەدرێت، جگە لە خەڵاتەکانی پێشبڕکێی گەلاوێژ کە خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێیەمە بۆ شیعر، چیرۆک لێکۆڵینەوە.
وتیشی، لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا کۆنسێرتی گۆرانیی هونەرمەند دیاری قەرەداغی بەڕێوەدەچێت و شاعیری کورد جەمال غەمبار شیعر پێشکەشدەکات.
فێستڤاڵەکە 180 میوانی لە ناوخۆ و عێراق و وڵاتانی دیکەوە هەیە.
کارەکانی 27ەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە رۆژی 5 تاوەکو 7ی کانوونی یەکەم بەردەوامدەبێت.
لەنێو فێستیڤاڵەکەدا پێشانگایەکی کتێب دەکرێتەوە لەگەڵ پێشانگایەکی دەستڕەنگینیی ژنان و پیاوان.