کاراکردنەوەی پەرلەمان چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی سیاسیی هەرێم دەبێت؟

مامۆستایەکی زانستە رامیارییەکان لە زانکۆی سلێمانی گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێم دەخاتەڕوو.

د. جەلال حەسەن، مامۆستای زانستە رامیارییەکان لە زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لە رووداوە گرنگەکان دوای ئەوەی ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێک دادگای فیدڕاڵی پەکیخستبوو”.

وتیشی، “لە نەبوونی پەرلەماندا حکومەت دەست بەسەر سەرجەم دەسەڵاتەکانی دیکەدا دەگرێت، بوونی پەرلەمان بۆ برەودان بە پرۆسەی دیموکراسی گرنگە و هاوکات بۆ خەڵک گرنگە نوێنەری خۆی لە پەرلەمان ببینێتەوە کە هەڵیبژاردووە”.

بە بڕوای د. جەلال حەسەن، “لە ماوەکانی رابردوودا پەرلەمانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەری نەبووە و تاڕادەیەک لاوازبووە، گرنگە ئەمجارە رۆڵی خۆی لە یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتەکانی دیکە ببینێت”.

باسی لەوەش کرد، “دەبێت پەرلەمانتاران بزانن کاریان چیدەبێت، لەکاتێکدا هەندێکیان ئەزمونیان نییە لە کاری سیاسیدا و یەکەمجارە ناویان دەچێتە کایەی سیاسییەوە و کاتی زۆریان دەوێت تاوەکو فێردەبن، هەندێکیشیان پێیان وایە دەبێت دەنگە دەنگ لەنێو پەرلەماندا دروستبکەن”.

رۆژی 2ی کانوونی یەکەمی 2024 یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو تیایدا سەرجەم پەرلەمانتاران جگە لە دوو پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد.

 

 

 

 

بابەتی پێشتر

سودانی گەیشت و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەستیپێکرد

بابەتی دواتر

گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و لوبنان دەستیانپێکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share