سكاڵایەكی یاسایی لە دژی كۆمپانیای ئەپڵ تۆماردەكرێت، كە تیایدا تۆمەتبار دەكرێت بە بەكارهێنانی داتا و زانیاری كارمەندەكانی و ناچاركردنیان بە دانانی وێنە و زانیارییە تایبەتەكانیان، كۆمپانیاكەش سەرجەم تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەرە جیهانییەكان، كارمەندێكی پێشووی كۆمپانیای ئەپڵ سكاڵایەكی یاسایی لە دژی كۆمپانیاكە تۆماردەكات و رایدەگەیەنێت كە داتاو زانیاری كارمەندەكانی لە رێگای خزمەتگوزاريی ئاكڵاود Icloud ەوە بەكارهێناوە.
كارمەندەكە ناوی عەمار بەكتایە، ماوەی چوار ساڵ وەك كارمەندی كۆمپانیای ئەپڵ كاری كردووە، دەشڵێت، “كۆمپانیاكە ئازادی كارمەندەكانی سنوورداركردوە و كۆمەڵێك پرسیار و تەوەر لەسەر ژیانی كارمەندەكان دادەنێت وەك دانانی وێنە و زانیاری تەندروستی و خێزانی كە پێشێلی ئازادییە كەسییەكان دەكات.
لای خۆشیەوە، ئەپڵ تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، كە ئامانجی ئەوان تەنها پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكی باشتربووە بە ئاستێكی پێشكەوتووتر و وردتر.