وەزیرى خوێندنى باڵا لە بەرژەوەندیی خوێندکاران بڕیارێکى دەرکرد.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم بڵاویکردەوە، د. ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خویندنی پاراڵێڵ و ئێواران لە خوێندکاران و قوتابیان لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا.
دەشڵێت، لە گشتاندنێکدا کە بە واژۆی د. ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە و ئاراستەى گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە تیایدا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و دۆخی دارایی قوتابیان/ خوێندکاران و داهاتی کەسوکار و خێزانەکانیان و دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانیان، بڕیارماندا بە، دواخستنی وەرگرتنی پارەی خوێندنی پاراڵێڵ و ئێواران لە خوێندکاران و قوتابیانى سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا کە بە پارالێل یاخود ئێواران لە زانکۆکان و دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەت دەخوێنن.
بەپێی بڕیارەکە، پێویستە وەرگرتنی قیستەکان بخرێتە مانگەکانی داهاتووی ساڵی ئایندە، بەپێی خشتەیەکی رێکخراو کە رەچاوی بارودۆخی داهات و دارایی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.