قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا کۆبوونەوە

جێگری سەرۆك وەزیران لە دیداری باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا رایگەیاند، دەبێت باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان لە پێشینەی پلان و کارەکان بێت لە قۆناغی داهاتوودا.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ نیکۆلا فۆنتایا، باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەک لە دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و میکێلی کامێرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێم ئامادەبوون، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکەکەیدا و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە بوارە جیاوازەکاندا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا و ئاماژە بە یەکەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان کرا کە لە ئەمڕۆدا بەڕێوەچوو. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا قەیرانی دارایی بەرۆکی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی گرت و کاریگەری خراپی دروستکرد لەسەر ژیان و گوزەرانییان. هەربۆیە دەبێت باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان لە پێشینەی پلان و کارەکان بێت لەقۆناغی داهاتوودا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و بە تایبەتیش ئەم ئاڵۆزییانەی ئەم دواییەی سوریا کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە پێویستە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی پەرەسەندنی ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە دەرفەت بۆ شانە نووستووەکانی داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە نەڕەخسێنێت ئاسایشی عێراق و هەرێم بخەنە مەترسییەوە. داواشیکرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان لەم چوارچێوەیەدا هاوکار و پشتیوانی هەردوو حکومەت بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی ئیتاڵیای کرد بۆ هەموو هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش هاوکارییە سەربازییەکان و هیوای خواست ئەم هاوکارییانە لە داهاتووشدا بەردەوامیان هەبێت.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: پێویستە حكومەتی داهاتوو دادپەروەرانە خزمەت بكات

بابەتی دواتر

لیژنەی باڵای ئەمنی: دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و نایاساییدا دەگیرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share