بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکانی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواوبوون و لە کاتی خۆیدا کۆبوونەوەکە دەستپێدەکات.
سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوە یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهاتوون، کۆبوونەوەکە لە وادەی خۆیدا لە کاتژمێر 11:00 ی پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات.
ئاشکراشیکرد، نێردە و نوێنەر و کونسوڵی 19 وڵات بەشداریی لە رێورەسمی کردنەوەی خولی شەشەمی پەرلەماندا دەکەن.
جەختیشیکردەوە، ئەوەی تا ئێستا هەیە کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی 102 پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئەوەی لیستی کۆمەڵی دادگەری تا ئێستا بڕیاریان وایە بەشداریی نەکەن.
سەبارەت بە چۆنێتی پڕکردنەوەی ئەو سێ کورسییە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان وتی، ماوەی 90 رۆژ لەبەردەم کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئەو لیستەدا هەیە کە بێنە پەرلەمان و سوێندنی یاسایی بخۆن و دەستبەکارببن، ئەگەر دوای ئەو وادەیە سووربوون لەسەر بڕیارەکەیان، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مافی بەشداریکردنیان لەم خولەدا نامێنێت، بەپێی یاسا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەپێی ژمارەی دەنگەکان سێ کاندیدی دیکەی لایەنەکانی دیکە وەک سەرکەوتوو دەستنیشاندەکات و دەیانخاتە شوێنی ئەو سێ کاندیدە سەرکەوتووەی کۆمەڵ.