وەزیری دەرەوەی عێراق و تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

فوئاد حسێن و هاکان فیدان، لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەبارەی دۆخی سیاسیی سوریا و دواین پێشهاتەکان قسەیان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، پێشهاتەکانی سوریا و ئاسایشی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە میانی پەیوەندییەکەدا، باس لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا کرا و هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە دۆخی ئێستای سوریا زۆر ئاڵۆزە و نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، فوئاد حسێن نیگەرانی عێراقی سەبارەت بەم پێشهاتانە دەربڕی، هاوکات هاکان فیدان جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بۆ تورکیا گرنگییەکی زۆری هەیە.

هاوکات، جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامیی پەیوەندییەکان لە رۆژانی داهاتوودا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و رێگریکردن لە کاریگەرییەکانی دۆخی ناسەقامگیریی سوریا لەسەر وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دراوسێی سوریا کردەوە.

بابەتی پێشتر

رافیدەین و رەشید دەستیان بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ی خانەنشینان کرد

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار گۆڕانكاری بەسەرداهات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share