ڕامۆس مەترسی دووبارەبوونەوەی سینارۆی ڤیکتۆر ڤاڵدێزی لەسەرە

ڕامۆس بە پێکانەوە یاریدەکات و شارەزایان ترسیان هەیە بە هەمان دەردی ڤاڵدێز بڕوات

بەرگریکاری ئەفسانەیی یانەی ڕیاڵ مەدرید، سێرجیۆ ڕامۆس تاوەکو ئێستا بۆندی نوێنەکردووەتەوە و بەهۆی پێکانی ئەژنۆیەوە دووچاری ئاستەنگی دەبێت.

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕامۆسەوە بڵاوکردووەتەوە، تیایدا ئاماژە بە کێشەکانی ڕابردووی ڤیکتۆر ڤاڵدێزی گۆڵپارێزی پێشووی یانەی بەرشلۆنە کردووە.

گۆڵپارێزەکە لە هاوینی 2014 بڕیاربوو بۆ ماوەی چوار وەرز پەیوەندی بە یانەی مۆناکۆوە بکات و بۆ ئەم مەبەستەش ڕێککەوتنی زارەکی لەگەڵ یانە فەرەنسیەکە کردبوو، بەڵام لە ڕوبەڕوبوونەوەی یانەی سێڵتا ڤیگۆ دووچاری پێکانی ئەژنۆی هات و ساڵێک دوورکەوتەوە، بۆندەکەی شکستیهێنا و لە بەرشلۆنەوە ڕوویکردە چەندین یانەی دیکەی وەک مان یونایتد و میڵدزبرۆ و هەرگیز نەگەڕایەوە، دواجار وازهێنانی ڕاگەیاند.

بەپێی زانیارییەکانی ئاس، دۆخی ڕامۆس پێچەوانەی جێرارد پیکێی بەرگریکاری بەرشلۆنەیە و هاوشێوەی ڤاڵدێزە، بۆندەکەی لە هاوینی 2021 کۆتاییدێت و تاوەکو ئێستا نوێینەکردووەتەوە و بە پێکانەوە بێگوێدانە بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی یاریدەکات، لە بەرانبەردا پیکێ بۆندەکەی نوێکردووەتەوە و دووچاری پێکان بووە و قۆناغەکانی چارەسەر هەنگاو بە هەنگاو دەبڕێت.

ڤیکتۆر ڤاڵدێز دوای پێکانی ساڵی نەیتوانی بە ئاست بەرزییەوە بگەڕێتەوە

هەوڵەکانی “کاپیتانۆی ڕیاڵ” بەردەوامە و لە پێناو یاریدەدانی یانەکەی بە پێکانەوە چەند یارییەکی ئەنجامداوە، ستافی پزیشکی مێرەنگی بەدووری نازانن هاوشێوەی ڤاڵدێز کۆتایی بە ژیانی وەرزشی بێت.

لەم ئەگەرە ڕەشەدا، گرێبەستەکەی نوێناکرێتەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕوو لە یانەیەکی دیکە دەکات.

ئاس نوسیویەتی، ڕامۆس ساڵانە 15 ملیۆن یورۆ موچە بەدەستدەهێنێت، لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی کۆرۆناوە بۆ 12 ملیۆن کەمیکردووە و لەسەر ئەم نرخە کێشەی لەگەڵ لێپرسراوانی یانەی شاهانە هەیە.

بابەتی پێشتر

لە نێوان تایمەکاندا بەهۆی کۆرۆناوە ئاڵوگۆڕی پێکرا

بابەتی دواتر

فەرمانی لێخۆشبوونەکانی ڕۆژانی کۆتایی ترەمپ بوونەتە بازاڕی کۆکردنەوەی سەدان هەزار دۆلار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share