ئەمڕۆ ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق راگەیەندرا و ژمارەی دانیشتووانی هەرێم ئاشکراکرا.
د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە بە خەڵکی خۆجێیی و بیانیشەوە.
وتیشی، “هێشتا داتا بەیسی 4% ی خێزانەکانی هەرێم لە سیستمەکەدا دانەبەزیوە، هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەوە ئاماری سەرەتاییە”.
باسی لەوەش کرد، رێژەی شارنشین لە هەرێمی کوردستان 84%ە، گوندنشین 16%یە، ژمارەی خێزانەکان گەیشتووەتە ملیۆنێک و 379 هەزار و 163 خێزان، تێکڕای قەبارەی خێزان گەیشتووەتە 4.6 کەس.
وەزیری پلاندانی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆی دانیشتووانی هەرێم ژمارەی پیاوان سێ ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەسە، ژمارەی ژنان سێ ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەسە، بەوپێیە رێژەی پیاوان 50.24 پێکدەهێنێت ، رێژەی ژنانیش 49.76% پێکدەهێنن.
وتیشی، بە پێی ژمارەی دانیشتووان بودجەی سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دیاریدەکرێت.