ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە هەمواری بودجەی عێراق چارەسەری تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەکرێت، بە شێوەیەک عێراق قەرەبووی هەرێم دەكاتەوە.
زیا هندی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و شەفافیەت، لە ئیدارەدانی داهاتە نەوتییە هاوبەشەكان، ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەشێوەیەكی ورد گفتوگۆ لەبارەوەدەكات بۆ زامنی چارەسەركردنی كۆی لایەنە یاسایی و هونەرییەكان، بە جۆرێك بەرژەوەندی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمیشی تێدابێت.
ئاشکراشیکرد، هەموارەكە كۆمەڵێك بڕگە لە خۆدەگرێت بەمەبەستی چارەسەركردنی کێشەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، لە یەکێک لە بڕگەکاندا هاتوە وەزارەتی دارایی عێراق قەرەبووی حكومەتی هەرێم دەكاتەوە لەبری تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، ئەمەش بەپێی میكانیزمێك كە پشت بە خەمڵاندنێكی دادپەروەرانەی تێچوون دەبەستێت بۆ هەر كێڵگەیەك بەجیا.
باسیلەوەشکرد، خەمڵاندنەکە كە لەرێی لایەنێكی راوێژكاری هونەریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەندەوە دیاریدەكرێت و بەرێككەوتنی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم دیاریدەکرێت، کە لای خۆیەوە راپۆرت لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە پێشكەش بە هەردوو لایەن دەکات بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەك بۆ دیاریکردنی قەرەبووەكە.
ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە سبەینێ سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024، 2025ە بکات.