لێژنەی باڵای ئەمنیی سەرپەرشتی سەرژمێری سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دوای بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری و پڕکردنەوەی تۆمارکردنی خێزان و دووبارە وردبینیکردن لە رۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2024، هێشتا هەندێک خێزان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان و هەندێک شاری عێراق ماون تۆماربکرێن، بۆ مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەکە، ماوەی 24 کاتژمێری دیکە قەدەغەی سنوورداری هاتوچۆ تەنها لەنێوان شارەکان درێژکراوەتەوە.
لیژنەکە دەشڵێت، “داواکاریین ئەو خێزانانەی تۆمارنەکراون لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هاوکاری بژمێرەکان بکەن بۆ تەواوکردنی کارەکان، لە ماوەی ئەو 24 کاتژمێرەی داهاتوو، وەکو 48 کاتژمێری رابردوو جولەی بازرگانی و کەسابەتی خەڵک و هاتن و چوونی شاندە رەسمیی و حکومییەکان و دامەزراوەکانی حکومەت و بۆنە فەرمییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و دیبلۆماتەکان و رۆژنامەنووسان بەدەردەکرێن و جوڵە و هاتوچۆیان ئاسایی دەبێت.
دووپاتیشی دەکاتەوە، داوا دەکەین ئەوانەی بە هەر هۆکارێک تا ئێستا تۆمارنەکراون، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی هاتنی بژمێرەکان بکەن بۆ ئەوەی لەو 24 کاتژمێرە، هەموو هاوڵاتیان بە سەرکەوتوویی لە سەرژمێری تۆماربکرێن.