کەسێک بە تۆمەتی راوکردنی کەڵە کێوییەک دەستگیرکرا

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، “ئەو کەسەی کەڵە کێوییەکەی راوکرد، دەستگیرکرا “.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی سەرژمێرییەوە بڕیاربوو تەواوی هاوڵاتییان لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام هاوڵاتییەک بەوپەڕی هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی رووی لە چیای بەرانان کردووە و بێڕەحمانە هەستاوە بە راوکردنی کەڵێکی کێوی “.

دەشڵێت، ئەگەرچی ناوچەکە شاخاوییە و دۆزینەوەی تۆمەتبار ئاسان نەبوو، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڕان و پشکنین لەچەند لایەکەوە، توانرا لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان و بنکەی باوەخۆشێن هاوڵاتییەک بە تۆمەتی راوکردنی کەڵە کێوییەکە دەستگیربکرێت.

باس لەوەش دەکات، لەکاتی گەڕان و پشکنینی تەواوی سنوورەکە توانرا (چەک و دووربین)ی تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە .

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستا راوچییەکە دەستگیرکراوە و پەڕاوی  لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە، بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی رادەستی دادوەر کراوە.

 

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: بە رۆحییەتی یەكێتییانە بەگژ نادادی و نایەكسانیدا دەچینەوە

بابەتی دواتر

نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی: لە دوای راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ 20 منداڵ لەدایکبوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share