بۆ یەكلاكردنەوەی بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەیف سامی لەگەڵ بانكەكانی (رەشید و رافیدەین و تی بی ئای) كۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان كۆبوونەوەكە لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی “تەوتین”ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا.
دوێنێ سودانی سەردانێكی بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجامدا و لەمیانەیدا زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەی زۆرێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا ئەنجامدا.
بەپێی زانیاریی كۆبوونەوەكان سەرۆك وەزیرانی عێراق سووربوونی خۆی لەسەر چارەسەركردنی گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەپێی یاسا و رێنماییەكان كردووەتەوە.