سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەولێر رایگەیاند، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە تەوتین و بەبانکیکردنی مووچە و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی رەسمی لە هەرێمی کوردستانە، لە هەولێر گفتوگۆی لەبارەی بابەتە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کرد و لەناویشیدا، بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت و بابەتی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوکات، سودانی باسی لە پێویستیی هێشتنەوەی سەقامگیری سیاسیی کردووە لە هەرێمی کوردستان کە بناغەیەکی سەرەکییە لە سەقامگیری بەغداد و هەموو عێراق.
هاوکات، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە پێویستی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کردەوە و لەلایەکی دیکەش بابەتی سەرژمێری دانیشتوان و هەوڵەکان بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە تاوتوێکران.