قوباد تاڵەبانی: كورد هەرگیز دۆستە راستەقینەكانی لە یاد ناكات

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە پاتریك دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێكران.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێشەممە لە هەولێر بە ئامادەبوونی یان برێم، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا بەڕێوەچوو، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادی سەد ساڵەی لەدایكبوونی دانیێل میتەران لە پایتەختی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی كەسایەتیی دانیێل میتەران لای گەلی كورد كرد و رایگەیاند، لەسەردەمێكدا میتەران دۆست و پشتیوان و خەمخۆری گەلی كورد بوو كەس لە جیهاندا ئامادەنەبوو گوێ لە خەم و ئازارەكانی كورد بگرێت.

وتیشی، “كردنەوەی ئەم یادە لە هەولێر پەیامێكی گرنگی تێدایە كە كورد هەرگیز دۆستە راستەقینەكانی خۆی لە یاد ناكات”.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كرا، لەمبارەیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی هەڵبژاردنەكانی لە گەلی كورد كرد و هیوای خواست هەرچی زووتر لایەنە براوەكان حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنن.

لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی حكومەتێكی خزمەتگوزاری دادپەروەر لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێكبهێنین بۆ ئەوەی بتوانین هەم كێشەكانی رابردوو چارەسەربكەین و هەم لەڕووی خزمەتكردنەوە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵكی كوردستاندابین.

بابەتی پێشتر

ژمارەیەک مامۆستای لادراو دەکرێن بە گرێبەست

بابەتی دواتر

دەرفەتی دیكەی دامەزراندن راگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازارەكانی جیهاندا بە بەرزی ماوەتەوە و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە سەروو…
Total
0
Share