لە هەولێر بازرگانێكی بیانیی ماددەی هۆشبەری دەستگیرا و بڕی 11 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری كۆكایینیش دەستیبەسەرداگیرا.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی 8ـی ئەم مانگە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و كۆكردنەوەی زانیاری دروست، تیمەكانیان لە شاری هەولێر توانیان بازرگانێكی بیانیی ماددەی هۆشبەر دەستگیربكەن و دەستبگرن بەسەر بڕی 11 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری كۆكایین.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەو بڕە ماددەی هۆشبەرە لە وڵات غینیاوە هێنراوەتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن ئەو بازرگانە بیانییەوە هەوڵدراوە ساغبكرێتەوە كە بۆ ماوەی چەندین ساڵە سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەو تاوانەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەكان ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو تۆمەتبارە كراوەتەوە و بەپێی یاسایی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە ئەقڵییەكان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.