لەدوای یەکلابوونەوەی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەوەش یەکلابووەتەوە کە جەی دی ڤانس لەگەڵ خۆیدا دەباتە کۆشکی سپی.
جەی دی ڤانس ناوی تەواوی جەیمس دەیڤد ڤانسە، تەمەنی 39 ساڵانە و بە یەکێک لە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ هەژماردەکرێت.
ئەم سیناتۆرە کە خەڵکی ویلایەتی ئۆهایۆیە، کۆلێژی یاسای تەواوکردووە، دواتر پەیوەندی بە سوپای وڵاتەکەیەوە کردووە و لە هێزی دەریاوانی کاریکردووە لە ساڵی 2003 وەک پەیامنێری جەنگی هاتووەتە عێراق و لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد جێگیربووە و تا ساڵی 2005 ماوەتەوە.
سەرەتای بەناوبانگبوونی ڤانس بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە کاتێک کتێبی بیرەوەرییەکانی لەژێرناوی (Hillbilly Elegy) بڵاوکردەوە، کە تێیدا باسی سەختی و هەژاری تەمەنی منداڵی خۆی و کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی دەکات.
هەر لەو کتێبەیدا ئەو سیناتۆرە بە ئەزموونی کارکردنی لە عێراق، بوونی سەربازی ئەمریکی لە دەرەوەی وڵاتەکەیان بە هەڵەیەکی روون ناودەبات.
لە سەرەتای دەستکردنی بە کاری سیاسی و بڵاوکردنەوەی وتار، ڤانس رەخنەی توندی لە ترەمپ دەگرت، بەڵام دواتر بووە لایەنگرێکی سەرسەختی.
ئەمڕۆ چوارشەممە دوای دەرچوونی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی ترەمپ لە بنکەی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە فلۆریدا ڤانس وتی، :لەو باوەڕەدام ئەمڕۆ بینەری گەورەترین گەڕانەوەی سیاسیی دەبین لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا”.