وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ماوەی 10 رۆژدا یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەپێی یاسای ژمارە 1 ی ساڵی 1992، لەدوای کۆتاییهاتنی قۆناغی تانەکان و یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات و لێرەوە کاری پەرلەمان دەستپێدەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم ئەنجامدەدات لە ماوەی 10 رۆژدا لە رێکەوتی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، ئەگەر بانگهێشتنامەی ئاڕاستەنەکرا، پەرلەمان بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتژمێر 12:00 ی نیوەڕۆی رۆژی دوای ماوەی ئاماژەپێدراو کۆدەبێتەوە.