بەرپرسانی ئیسپانیا رایانگەیاند، بەهۆی ئەو زریان و با و بارانبارینە بەخوڕەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، تا ئێستا حەوت کەس بێسەروشوێن بوون و هێڵی شەمەندەفەر و هاتوچۆی ئاسمانی پەکیکەوتووە.
بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی کە هاوڵاتییان بە مۆبایلەکانیان تۆماریانکردووە و بڵاویانکردووەتەوە، بەهیزی لافاوەکە بەجۆرێک بووە، ئۆتۆمبێلەکانی لەسەر شەقامە سەرەکییەکان بە یەکدا داوە و بەشێک لە ماڵ و نهۆمە زەمینییەکانی باڵەخانەکان ژێر ئاو کەوتوون.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەکردووە، لانیکەم حەوت کەس بێسەروشوێنن، کە شۆفێرێکی بارهەڵگر لە ناوچەی ڤالێنسیا و شەش کەسی دیکەش لە شارۆچکەی لێتورن لە پارێزگای ئەلباسیتی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بوون .
میلاگرۆس تۆلۆن، نوێنەری حکومەتی ناوچەکە رایگەیاند، فریاگوزاران کاردەکەن بۆ گەڕان بەدوای ونبووەکان لە لێتور، هاوکات درۆن بەکاردەهێندرێت و گرنگترین ئامانجیان دۆزینەوەی ئەوانە.