وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایگەیاند، “لە بەرژەوەندیى کاندیدانى خوێندنى باڵا چەند بڕیارێک دران”.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەئامانجى چارەسەرکردنى ئەو گرفت و ئاستەنگانەى رووبەڕووى کاندیدەکانى هەرێمى کوردستان لە بەرنامەى (HCED)ى عێراق تایبەت بە خوێندنى باڵا بوونەتەوە، لە چەند رۆژى رابردوودا وەفدێکى حكومەت و وەزارەتى خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی بەغدادیان کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، د. یاسین ساڵح بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەماندا بە یاوەریی راوێژکاری حکومەت بۆ کاروباری پەروەردە و خوێندنی باڵا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگمان لەگەڵ هەریەک لە تیمی بەرنامەى (HCED) و، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و، تیمی یاسایی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەبرد، لەو چوارچێوەیەشدا دواى ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاکان و تاوتوێکردنى پێشنیازەکان، لە ئەنجامدا هەردوولا گەیشتینە کۆمەڵێک خاڵى گرنگ و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.
دەشڵێت، یەکێک لەو بڕیارە گرنگانە ئەوەیە، کە کاندیدەکان لە ئێستا بەدواوە دەتوانن لە هەرێمى کوردستان دەستەبەرى (کفالة) بکەن و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەبێتە لایەنى سێیەم لەو دەستەبەرییە، ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر دەبوو کاندیدەکان سەردانى بەغدادیان بکردایە و، لەوێ دەستەبەر (کفالة)یان بکردایە.
باس لەوەش دەکات، هەر لەو کۆبونەوانەدا رەزامەندی وەرگیرا بۆ گۆڕینى پسپۆڕى کاندیدەکان، بەو مەرجەى هەر کاندیدێک کە دەخوازێ پسپۆڕییەکەى بگۆڕێت پێویستە لارینەبونى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان وەربگرێت.
باس لەوەش دەکات، بە فەرمانى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، بڕیادرا بە زیادکردنى تێچووی مانەوە (Living Allowance) بۆ ئەو کاندیدانەى سەڵەتن لە هەزار و 700 دۆلار بۆ دوو هەزار و 200 دۆلار، بەهەمانشێوە بۆ ئەوانەشى کە خێزانیان هەیە، بڕەکەى لە دوو هەزار و 200 دۆلارەوە بۆ سێ هەزار و 700 دۆلار زیادکرا.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، “هەر لە فەرمانەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقدا وردەکاریى تەواو سەبارەت بە (بیمەى تەندروستى، تێچووى گەشتکردن، کرێى خوێندنى ساڵانە و دابینکردنى پێداویستییەکان، کۆرسى زمان و، کرێى چاپکردنى نامەى ماستەر و تێزى دکتۆرا) بەپێى پسپۆڕییەکان دیاریکراوە، ئەوەش دەسکەوتێکى گرنگە بۆ کاندیدەکان تا لە ژینگەیەکى لەبار و باشتر بتوانن بەشێوەیەکى سەرکەوتووانە پرۆسەى خوێندن لە وڵاتان تەواوبکەن”.