دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواخرا.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، بەهۆی ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان چەند پەرلەمانتارێک دروستبوو دانیشتنەکە دواخرا.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان گرژی و ئاڵۆزی درووستبووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی یەكشەممەی رابردوو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران کە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر چەند پرۆژەیاسایەک، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەوە، بۆ ئەمڕۆ سێشەممە دواخرا.
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدانی کۆتایی لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتیی عێراق بدرێت و هەروەها دەنگ لەسەر بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی رژێمی پێشوو بەدرێت کە پەیوەستە بە تەعریب لە كەركوك و دەوروبەری و گێڕانەوەی زەوییەكان بۆ خاوەنەکانیان کە كورد و توركومانەكانن.
هەر بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، بڕیاربوو دەنگ لەسەر هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی بدرێت.