وتەبێژی كۆمسیۆن وادەی پێشكەشكردنی سكاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشكرادەكات.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، بەپێی یاسای كۆمسیۆن ژمارە 31ی ساڵی 2019 پێشكەشكردنی تانە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران لەماوەی سێ رۆژدا دەبێت كە رۆژێك پاش ئاشكراكردنی ئەنجامی كۆتایی دەنگدان دەستپێدەكات.
وتیشی، “نووسراوی تانە پێشكەشی نووسینگەكانی كۆمسیۆن یا نووسینگەی دەستەی هەڵبژاردن یان نووسینگەی نیشتمانی دەكرێت، یاخود راستەوخۆ پێشكەشی دەستەی دادوەری دەكرێت”.
پێویستە ئەنجومەنی كۆمسیاران وەڵامی داواكاری و پرسیارەكانی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بداتەوە دەربارەی سكاڵاكان لەماوەیەكدا كە لە حەوت رۆژی كاركردن زیاتر نەبێت لە رۆژی بەدەستگەیشتنیەوە، جومانە وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، دەستەی دادوەری بڕیار لەبارەی تانەی پێشكەشكراوەوە دەدات لەماوەی 10 رۆژی كاركردندا، پاش بەدەستگەیشتنی وەڵامی ئەنجومەنی كۆمسیاران.
وتەبێژی كۆمسیۆن روونیشیكردەوە، پێشكەشكردنی سكاڵا رۆژی پێنجشەممە دەستپێدەكات و لە كۆتایی كاتی دەوامی رەسمیی رۆژی یەكشەممە 3ی تشرینی دووەم وادەی پێشكەشكردنی تانە كۆتایی پێدێت.
بڕیارە كاتژمێر 10ی بەیانی سبەی چوارشەممە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بنكەی لیژنەی ناوەندیی كۆمسیۆن لە هەولێر ئاشكرابكرێت.
یەكشەممەی هەفتەی رابردوو 20ی تشرینی یەكەم دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوەچوو.
ئێوارەی رۆژی دواتر ئەنجامی بەرایی دەنگدانەكە لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە لە بەغداد ئاشكراكرا.