سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەو بەرنامەیەی بەڵێنمان بە ئەمانەتەوە جێبەجێیدەکەین و وتیشی، “یەکێتی بە روئیایەکی نیشتمانیی و کوردانە و خزمەتکردنی خەڵکەکەی خۆمان خۆی بۆ ئەم قۆناغی نوێی حکومڕانیە ئامادەکردووە”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی بە روئیایەکی نیشتمانیی و کوردانە و خزمەتکردنی خەڵکەکەی خۆمان خۆی بۆ ئەم قۆناغی نوێی حکومڕانیە ئامادەکردووە.
وتیشی، “بەرنامەکەمان کە بەڵێنماندا بە جەماوەری ئازیزی کوردستان بە پشتیوانی خوای گەورە و خەڵکەکەمان و (…) کادرانی یەکێتی بە ئەمانەتەوە جێبەجێیدەکەین هەموو هەنگاوەکانیشمان لەچوارچێوەی بەهێزکردنی قەوارەکەمان و پاراستنی مافەکانمان دەبێت”.
ئەو وتانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ لەمیانەی سەردانیدا بوو بۆ مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتی كە لەلایەن عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەب، لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن، نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا، لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری، ئەندامانی مەکتەب و بەشێک لە میدیاکارانی یەکێتی بە گەرمی پێشوازیکرا.
سەرۆكی یەكێتی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ تەواوی میدیاکارانی یەکێتی کە لەم قۆناغی هەستانەوە و رێکخستنەوەی هاوسەنگی هێز و سەرکەوتنی یەکێتیدا رۆڵی گرنگیان گێڕا و پیشەییانە و کوردستانیانە پەیامەکانی خۆیان گەیاند کە جێگای پێزانینی هەموولایەکە، وتی، “هاتووم لە نزیکەوە پێتان بڵێم دەستان خۆش، بەس پێتان ناڵێم پشووبدەن، بەڵکو لەمڕۆوە ئەرکتان دەستپێدەکات بۆ سەرخستنی ئامانجەکانمان”.
لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی میدیای یەکێتی بۆ ئەم هەلومەرجە، بافڵ جەلال تاڵەبانی نەخشەڕێگای سیاسەتی میدیایی داڕشت و دووپاتی لە پابەندبوون بە راستگۆیی و پیشەیی و وردی کردەوە و رایگەیاند، میدیای یەکێتی دەبێت وەک هەمیشە بەرپرسیار و سەنگینانە پەیامەکانی بگەیەنێت و خۆی بەدووربگرێت لەو فەوزا میدیاییە کە بە ئەجندایەکی ئاراستەکراو کاردەکات بۆ شێواندنی راستییەکان و، رۆژنامەنووس لە ئەرکە سەرەکی و پیشەییەکەی دووردەخاتەوە و وتی، “ئەوە کاری ئێمە و راگەیاندنی یەکێتی نابێت بۆیە هەموومان پێکەوە کار بۆ هێنانەدی ئامانج و خواستەکانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەکەین و داهاتوویەکی گەشتریان بۆ بنیاددەنێین”.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا عیماد ئەحمەد لە راپۆرتێکدا رۆشنایی خستەسەر بەرنامە و سیاسەتی میدیایی و پیشەیی و بەرپرسیارانەی یەکێتی بۆ ئەم قۆناغە کە بگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و خزمەتکردن بە ئامانجە باڵاکانی گەلی کورد، هەروەها سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆک بافڵی کرد بۆ زیاتر سەرخستنی کارەکانیان.